کۆچی گەڕاندنەوە
Återvandring – sorani
تۆ کە بڕیارت داوە بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت، دەتوانیت لە هەندێک حاڵەتدا داوای دەرماڵە (یارمەتی دارایی) بکەیت بۆ گەشتەکەت بۆ خۆت و هەم بۆ خێزانەکەت. لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانیت داوای دەرماڵەیش بکەیت ئەگەر بتەوێت کۆچ بکەیت بۆ وڵاتێکی تر جگە لە وڵاتی خۆت. ئەوجا پێویستە بڕیارێک یان بەڵگەنامەیەکی تر پیشان بدەیت کە پشتگیری و بڕوانامەی ئەوە بدات کە ڕێگەت پێدراوە لەوێ نیشتەجێ بیت.
لەم لاپەڕەیەدا زانیاری دەبینیتەوە کە کێ دەتوانێت داوای دەرماڵە پێشکەش بکات بۆ ئەوەی کۆچ بکات بۆ وڵاتی خۆی، چۆن داواکاری پێشکەش بکەیت، چەندێک دەرماڵە دەتوانیت وەربگریت و چۆن پارەی دەرماڵەکە دەدرێت.
کێ دەتوانێت داوای دەرماڵەی گەشت بکات؟
تۆ کە مۆڵەتی مانەوەی کاتی یان هەمیشەیی وەک پەنابەرێک لە وڵاتی سویدت پێدراوە، یان کە بەهۆی بارودۆخی تەنگانەی تایبەتەوە پێویستیت بە پاراستن هەیە، یان وەک پەنابەرێکی پشکی (سەهمی)، دەتوانیت داوای دەرماڵە بکەیت. ئەگەر بوویت بە هاوڵاتی سویدی یان مۆڵەتی نیشتەجێبوونت وەرگرتبێت، بەپێی ڕێنمایی کۆچی بەکۆمەڵ ناتوانی دەرماڵە وەربگریت. هەروەها ناتوانیت دەرماڵە وەربگریت ئەگەر داهات یان سەروەت و سامانی دارایی ترت هەبێت کە بتوانیت خۆت پارەی گەشتەکە بدەیت.
هەروەها دەبێت بتوانیت نیشان بدەیت کە تۆ
- · پاسپۆرتی وڵاتی زێدت رەوایە. ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن دەسەڵاتێکی سویدیەوە دەرکراون (بەڵگەنامەی گەشتکردن یان پاسپۆرتی بێگانە) رەوا نەبن
- · مۆڵەتت وەرگرتووە لە وڵاتێکی تر کە زیدی خۆت نییە تێیدا بژیت -- ئەگەر پلانت هەیە بچیتە وڵاتێکی تر جگە لە وڵاتی خۆت
- · ڤیزەت وەرگرتووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە گەشتی گەڕانەوەدا پێیان تێدەپەڕیت -- ئەگەر پێویست بێت.
- · هیچ قەرزێکت لە بهڕێوهبهریی پارهكۆكردنهوهی دهوڵهتیی یانCSN لە سوید نییە
ئەندامانی خێزان
کاتێک داوای دەرماڵە دەکەیت، دەتوانیت داوای دەرماڵە بۆ خێزانەکەتیش بکەیت. ئەو ئەندامانەی خێزانەکەت کە دەتوانیت داوای دەرماڵەی گەشتکردنیان بۆ بکەیت بریتین لە هاوسەرەکەت و منداڵی خواروی تەمەنی 18 ساڵ. هەروەها دەتوانرێت داوای دەرماڵە بۆ کەسانی دیکە بکرێت. بۆ ئەوەی داواکارییەکە بیانگرێتەوە، پێویستە مۆڵەتی مانەوەیان بەهۆی نێوانیەتییان بە تۆوە وەرگرتبێت. بۆ نموونە دەکرێت منداڵێک بێت کە ئێستا گەورەساڵە بەڵام لەگەڵ خێزانەکەتدا دەژی. بۆ ئەوەی بتوانیت داوای دەرماڵەی گەشت بۆ هاوژینت (sambo) بکەیت، دەبێت هۆکاری تایبەت هەبێت.
ئەگەر دەرماڵەی گەشتەکەت وەرگرت
ئەگەر دەرماڵەی گەشتکردنت وەرگرت بۆ ئەوەی بچیتە وڵاتێکی تر، ئەوا مۆڵەتی نیشتەجێبوون و هەر جۆرە ڕاگەیاندنێکی دۆخی پاراستنت هەبێت هەڵدەوەشێتەوە کاتێک وڵاتی سوید بەجێدێڵیت.
چۆنیەتی داواکردنی دەرماڵەی گەشت
تۆ بە پڕکردنەوەی فۆڕمی "داواکاریی دەرماڵەی گەشتکردن لە سویدەوە بۆ نیشتەجێبوون لە وڵاتێکی تر"، داوای دەرماڵەی گەشت دەکەیت.
تۆ داخوازینامەکەت دەنێری بۆ
Migrationsverket, Box 3100, 903 03 Umeå
پێویستە ئەمانە بنێری
کاتێک فۆڕمی داواکاری دەنێری، هەروەهاش پێویستە ئەمانە بنێری
- · کۆپیی ئەو لاپەڕانەی پاسپۆرتەکەت کە ماوەی رەوابوونی زانیارییە کەسییەکانت تێیدا دەردەکەون. ئەگەر بنەماڵەکەت لەگەڵت دێن، پێویستە کۆپیی پاسپۆرتەکانی ئەوانیش بنێریت
- · کۆپیی دوایین راگەیاندننامەی کۆتایی باج لە دەزگای باجی سوید بۆ خۆت و ئەوانەی لە خێزانەکەتدان کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە
- · ڕەزامەندینامەی نووسراو. ئەگەر تۆ و خێزانەکەت سەرپەرشتیی هاوبەشتان هەیە و منداڵەکان بڕیارە لەگەڵ یەکێک لە دایکوباوکەکەدا وڵات بەجێبێڵن، ئەوا ئەو دایکوباوکەی کە لە سوید دەمێنێتەوە دەبێت ڕەزامەندی خۆی دەرببڕێ
- · کۆپیی ڕێکەوتننامە یان پلانی قیست ئەگەر تۆ/ئێوە قەرزتان هەبێ
- · کۆپیی بڕیارێک یان هاوشێوەی کە نیشان دەدات کە تۆ مۆڵەتی نیشتەجێبوونت هەیە لەو وڵاتەی کە کۆچی بۆ دەکەیت (ئەگەر دەچیتە وڵاتێکی تر جگە لە زێدی خۆت).
ئەتوانیت سەرجەم ئەوەندە دەرماڵە وەر بگریت
جگە لە دەرماڵە بۆ خەرجییەکانی گەشتکردن، دەتوانیت پارەی دەرماڵەیەکیش وەربگریت کە دەخرێتە سەر هەژماری بانکییەکەت. دەتوانیت هەرەزۆر 10 هەزار کرۆن بۆ هەر گەورەساڵێک و هەرەزۆر 5 هەزار کرۆن بۆ هەر منداڵێکی خواروی تەمەنی 18 ساڵ وەربگریت. خێزانێک دەتوانێت هەرەزۆر 40 هەزار کرۆن بە گشتی وەربگرێت.
دەتوانیت بۆ گەشتکردن بە فڕۆکە، شەمەندەفەر، پاس یان ئۆتۆمبێلی خۆت دەرماڵە وەربگریت. بۆ سەردانی وڵاتی خۆت یان بۆ گواستنەوەی مۆبڵ ناتوانیت دەرماڵە وەربگریت.
پارەدانی دەرماڵەکە
دەرماڵەکە لەکاتی گەشتکردن بۆ دەرەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکییەکەت.
بارکردن لە سویدەوە
کاتێک دەزگای کۆچ بڕیارێکی دەرکرد، لە ڕێگەی پۆستەوە ئاگادار دەکرێیتەوە. پاشان دەبێت بچیتە فەرمانگەی باجی خۆجێی خۆت و گواستنەوەی هەمیشەییت رابگەێنیت. پاشان پێویستە کۆپییەکی ئاگاداریی بارکردنت بنێری بۆ دەزگای کۆچ. دەزگای کۆچی سوید گەشتەکەت بۆ دەگرێت و بلیتەکەت بۆ دەنێرێت و پارەی دەرماڵەیەکە دەدات.
نەختێ پێشوەختە پێمان بڵێ کە بەنیازیت لە چ رێکەوتێکدا گەشت بکەیت بۆ ئەوەی کە بەپێی ئارەزووی خۆت ڕێکبخرێت. تۆ دەتوانیت رێکەوتی دڵخواز لە فۆرمی داواکارییدا بنووسیت. پاشان رێکەوتی گەشتەکە لەگەڵ تۆدا کۆنترۆڵ دەکەین کاتێک تاوتوێی کەیسەکەت دەکەین.