چاودێری تەندروستی – و نەخۆشی بۆ پەناخواز

Hälso- och sjukvård för asylsökande – sorani

تۆ کە داوای پەنابەری لە سوید ئەکەیت، مافی چاوەدێریی نەخۆشی کتوپڕ – و چاوەدێریی ددانی کتوپڕت هەیە و چاوەدێرییەک کە نەتوانرێت چاوەڕوانی لەسەر بکرێت.

چاوەدێری گشتی تەندروستی – و نەخۆشی لە سوید، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگا یان هەرێمەکان بەڕێوەئەبرێت. ئەوانە لە هەموو وڵاتا هەن.

تۆ بە پلەی یەکەمین ڕوو لە بنکەی تەندروستی ئەکەیت، کاتێک کە تۆ نەخۆش ئەکەویت یان خۆت زامار ئەکەیت. تۆ بەزۆرینە پێویستت بەوەیە کە کات بگریت پێش ئەوەی سەردانی بنکەی تەندروستی بکەیت. گەر پێویستت بە وەرگێڕە، باسی کە، کاتێک کە کات ئەگریت. گەر تۆ کتوپڕ نەخۆش کەویت و پێویستت بە ئەمبولانس هەبێت، ئەبێت تەلەفۆن بۆ ژمارەی تەنگانە ١١٢ بکەیت.

لە خوارتری ئەم دەقەدا زانیاریی هەیە بەوەی کە تۆ ئەو چاودێریە چۆن بدۆزیتەوە تۆ پێویستت پێیە و تۆ لە کوێ ئەتوانیت ئامۆژگاریی یان زانیاریی زیاتر وەرگریت..

مافی چاودێریی

کاتێک کە تۆ لە سوید داوای پەنابەری ئەکەیت ، ئەوا مافی ئەوەت هەیە کە چاوەدێریی نەخۆشی و چاوەدێری ددان وەرگریت کە کوتوپڕبێت و چاوەدێرییەک کە نەکرێت چاوەڕوانی لەسەربکرێت. ئەوە ئەنجوومەنی پارێزگا/هەرێمە کە بڕیار ئەدات تۆ چ چاوەدێرییەک وەرگریت. تۆ هەروەها مافی چاوەدێریی منداڵبوون، چاوەدێریی لەکاتی لەباربردن، ئامۆژگاریی لەمەڕ کەرەسەی پێشلێگرتنی دووگیانی، چاودێریی تەندروستی دایکان و چاوەدێریی بەپێی یاسای پاراستن لە پەتا هەیە (یاسایەکە کە ئەبێت ڕێگری بکات لەوەی کە نەخۆشی تەشەناکەر بڵاوبێتەوە).

پەناخوازی منداڵ و لاو لەژێر ١٨ ساڵ، مافی هەمان چاوەدێریی نەخۆشی و چاوەدیریی ددان یان هەیە وەک هەمو منداڵەکانی تر کە لە سوید ئەژین. بەشێکی گەورەی چاوەدێریی بۆ منداڵ بە بێ خەرجییە ، بەڵام لەوانەیە پەیوەست بە شوێنی نیشتەجێبوون جۆراوجۆر بێت. دەرمان بۆ منداڵ بەبێ خەرجییە گەر کەسەکە ڕەچەتەی دوکتۆرێکی هەبێت.

تۆ مافی ئەوەت هەیە وەرگێرت هەبێت کاتێک چاوت بە کارمەندانی چاوەدێریی نەخۆشی ئەکەوێت. باسی کە کە تۆ پێویستیت بە وەرگێڕە کاتێک کات ئەگریت.

پشکنینی تەندروستی

هەمو پەناخوازان ئەوەیان پێشکەش ئەکرێت کە پشکینی تەندروستی بکەن. تۆ پاش ئەوەی کە داوای پەنابەریت کرد، بە زووترین کات کە لەتوانادا بێت بانگهێشتێکت بۆ دێت بۆ پشکنینێکی تەندروستی بێ خەرجی.

پشکنینی تەندروستی کاریگەریی لەسەر داوای پەنابەریەکەت نییە. ئەوە بۆ تۆیە و بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت زوو یارمەتیی وەربگریت لەبارەی پێداویستی تۆ بۆ چاوەدێریی. لە ماوەی پشکنینی تەندروستی، ئامۆژگاریی لەبارەی پرسی تەندروستی، پێشکەشکاری لەمەڕ تاقیکردنەوە وەرگرتن و زانیاریی لەبارەی چاوەدێریی نەخۆشی – و تەندروستی لە سوید وەرئەگریت. کارمەندانی چاوەدێریی کار بۆ دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران ناکەن و ئەرکی نهێنیپاراستنیان هەیە.

توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسی

زۆر پەناخوز دووچاریی توندوتیژیی یان دەستدرێژیی سێکسی بوون، لە وڵاتی خۆیان یان لەماوەی ئاوارەبوونیان بەرەو سوید. تاکەکەس ئەکرێت لەم جۆرە بەسەرهاتانە هەم لەباری جەستەیی و هەم دەروونی ناتەندروست بێت. بێجگە لە زیانی جەستەیی، ئەکرێت تاکەکەس تووشی خەمۆکی بێت، دڵەڕاوکێ و پەژارە و دڵنەسرەوتی بۆ بێت یاخود دژواری لە خەوتنا هەبێت. تۆ لە کاتی پشکنینی تەندروستیەکە بۆ کارمەندانی چاودێریی باس کە ئەو ناڕەحەتیانەی تۆ هەتن کامانەن، ئەوسا ئەوان ئەتوانن یارمەتیت بدەن بۆ وەرگرتنی چاوەدێریی دروست.

هەمو شێوازێکی توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسی لە سوید نایاساییە. هەمیشە ئەو کەسەی کە زیانی بەتۆ گەیاندووە بەپرسە، هەرگیز ناکرێت تۆ سزا بدرێیت لەبەرئەوەی کە تۆ دووچاریی توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسی بویت. ئەمە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو پەیوەندییەی ئێوە بە یەکەوە هەتانە کاری پێ ئەکرێت. ئەمە بۆ نموونە. بەزۆرجووتبوون لەناو هاوسەرگیرییەکەشدا و لێدانی منداڵیش ئەگرێتەوە. پەیوەندیی بە پۆلیسەوە بکە گەر تۆ دووچاری ئەمانە بویت.

ئافرەت خەتەنەکردن

ئێمە ئەزانین کە خەتنەکردنی ئافرەت لە زۆر بەشەکانی جیهاندا هەیە. ئەوە کاتێکە کە کەسێک کاری بڕین لە بەرموسەڵدانی کچ یان ژن ئەکات. ئافرەت خەتەنەکردن هەر بەتەواویی قەدەخەیە لە سوید و وەک تاوانێکی مەترسیدار تەماشا ئەکرێت. ئەو کەسەی دووچار ئەکرێت، ئەکرێت هەم زیانی جەستەیی و هەم دەروونی وێ کەوێت. گەر کەسێک ئەمەی دەرحەق بە تۆ یان کچەکەت کردوە و تۆ یان ئەو بەهۆکاری ئەمە کێشەتان بۆ پەیدابوە، ئەوا ئەتوانن لە چاودێریی نەخۆشی یارمەتیی وەربگرن. قسە لەگەڵ کارمەندانی چاوەدێرییدا بکە لەکاتی پشکنینی تەندروستی تۆ، یاخود لای نیزیکترین بنکەی تەندروستی.

نەخۆشییە سێکسیەکانی بۆ گواستنەوە لەبارن

تۆ مافی وەرگرتنی زانیارییت هەیە لەبارەی چۆنێتی خۆپاراستن دژی ئەو نەخۆشییە سێکسییانەی بۆ گواستنەوە لەبارن و تۆ چۆن خۆت دوورخەیتەوە لە تووشکردنی کەسانی تر. نموونە بۆ نەخٶشی سێکسی کە بۆ گواستنەوە لەبارە وەک، کلامیدیا، هەوکردنی جگەر، سووزەنەک و هیڤ (ڤایرۆسی بەرگریی تێکدەری مرۆڤ)ە. ئەگەر تۆ ئەزانیت کە نەخۆشییەکی لەم بابەتەت هەیە، ئەوا بەپێی یاسای سویدی ئەبیت تۆ ئەمە بۆ کارمەندانی چاوەدێریی باس کەیت، تاوەکو تۆ چارەکاری وەرگریت و دوورکەویتەوە لە تووشکردنی کەسانی تر. ئەمە بۆ کارمەندانی تەندروستی باس کە، کاتێک پشکنینی تەندروستیت بۆ ئەکرێت. کارمەندانی تەندروستی ئەتوانن تاقیکردنەوە وەرگرن گەر تۆ دڵنیا نیت لەوەی کە تووش بوویت.

کەرەسەی پێشلێگرتن و چاوەدێریی دایکان

چاوەدێریریی دایکان و چاوەدێری منداڵبوون بۆ پانابەران لە سوید بەبێ خەرجییە. ئەمە چاودێریش ئەگرێتەوە کە هاوکات لەگەڵ لاباربردن دایە. تۆ مافی وەرگرتنی ئامۆژگاریت لەمەڕ کەرەسەی پێشلێگرتنی بەبێ خەرجیشت هەیە، تاوەکو تۆ خۆت هەڵبژاردن بکەیت کە ئایا ئەتەوێت ببیت بە دایک. کوڕانیش و کچانیش مافی زانیاریی وەرگرتنیان هەیە لەبارەی چۆنێتی پاراستنی خۆیان و کەسانی تر لە دووگیانبوون.

ئامرازی خۆپاراستن چەندین جۆری هەیە. دەتوانن لە دەرمانخانە یان دوکانی خواردن کۆندۆم/هود بکڕن. ئەگەر تۆ جۆرێکی تری ڕێگری لە دووگیانیت دەوێت، پزیشک یان مامان دەتوانێت ڕەچەتەیەک بنووسێت کە لەگەڵ تۆدا بگونجێت. ڕێگری لە دووگیانی بە ڕەچەتە بۆ تۆ لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵەوە بەخۆڕاییە.

گەر تۆ وەک ئافرەت دووگیانیت، ئەتوانیت قسە لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی بکەیت کاتێک پشکنینی تەندروستیت بۆ ئەکرێت یاخود پەیوەندیی بە چاودێریی تەندروستی دایکان لە نیزیکترین نەخۆشخانە بکە، بۆئەوەی قسە لەسەر ئەوە بکەیت کە تۆ کام جۆری چاوەدێرییت پێویستە.

ناتەندروستی دەروونی

کاتێک کە کەسێک چاوەڕوانیی بڕیارە لە داوای پەنابەریەکەیدا، ئاساییە کە هەست بە نیگەرانیی بکات لەئەوەی لە داهاتوودا چی دێتەپێش. زۆر لە پەنابەران تەندروستیشیان خراپە بەهۆکاری ئەزمووندیتن یاخود نیگەرانیی بۆ خێزانەکانیان. نموونە بۆ ئەوەی کە تاکەکەس باری دەروونی خراپە، لەوانەیە ئەوە بێت کە تاکەکەس دڵنەسرەوتی و پەژارەی هەبێت، خەوتنی زەحمەت بێت یاخود هەستکات خەمگین و بێتوانایە.

تۆ ئەتوانیت یارمەتیی و کۆمەک لە چاوەدێریی نەخۆشییەوە وەرگریت. قسە لەگەڵ کارمەندانی چاوەدێریی بکە کاتێک کە تۆ پشکنینی تەندروستیت بۆ ئەکرێت. گەر تۆ نیگەرانیی ئەوەیت کە منداڵەکەت تەندروستی خراپ بێت، ئەوا ئەتوانیت قسە لەگەڵ کارمەندانی بنکەی تەندروستی منداڵ یاخود لەگەڵ خوێندنگای منداڵەکە بکەیت.

کەمبوونەوەی توانا

لەکاتی پشكنینی تەندروستیەکەدا دەرفەتی ئەوەشت هەیە باس لە کەمبوونەوەی توانا بکەیت کە پێتوایە هەتە یان لەوانەیە هەتبێت. بەواتا گەر تۆ توانات دابەزیبێت لە کارکردنی جەستەیی، دەروونیی یاخود هۆشمەندی.

گەر تۆ کەمبوونەوەی توانایەکی وات هەیە کە گفتوگۆ/دانوستەندن بەزەحمەت بێت کاتێک کە داوای پەنابەری ئەکەیت، ئەوا ئەتوانیت یارمەتیی و کۆمەک بۆ ئەوە وەرگریت. بوونی کەمبوونەوەی توانا هیچ ڕێگرێک نییە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی مانەوە.

گەرتۆ کەمبوونەوەی توانات هەیە و مۆڵەتی مانەوە لە سوید وەرگریت، ئەوا مافی کۆمەکت هەیە کە وابکات ئاسانتربێت بۆ تۆ بێیتە ناو کۆمەڵگای سویدییەوە.

چاوەدێریی ددان

تۆ کە گەورەساڵیت، مافی چاودێریی ددانت هەیە کە کتوپڕ بێت. دوکتۆری ددان بڕیار ئەدات، ئایا پێداویستی تۆ بۆ چاودێریی ددان کتوپڕە یان نا و کام جۆرە لە چارەکاری وەرگریت. منداڵ مافیان هەیە کە هەم چارەکاری کتوپڕ و هەم پێشگیریی کردن لای دوکتۆری ددان وەرگرن. چاوەدێریی ددان بەبێ خەرجییە بۆ هەمو مناڵانی سوید.

کاتێک کە تۆ پێویستیت بە چاودێریی ددان هەبوو، ئەچیت بۆ چاوەدێریی گشتیی ددان/فۆڵکتاندڤۆرد یاخود دوکتۆرێکی تری ددان کە ئەنجوومەنی پارێزگا/ هەرێم ئاماژەی بۆ ئەکات.

پشکنینی چاو و چاویلکە

ئەگەر پێت وایە پێویستت بە چاویلکەیە، پەیوەندی بکە بەو یەکەیە کە لەوێدا وەرگیراوی و داواکاری دەرماڵەی (یارمەتیی دارایی) تایبەت بۆ پشکنینی چاو و چاویلکە بکە. ئەوە بەڕێوەبەری کەیسە لە دەزگای کۆچی سوید کە بڕیار دەدات ئایا پێویستە پشکنینی چاوت بۆ بکرێت یان نا. کاتێک بڕیار بۆ پەسەندکردنی پشکنینی چاوت وەرگرت، دەتوانیت کاتێک لای چاویلکەسازدا بگریت، و دەبێت لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەو کارە بکەیت. ئەگەر چاویلکەساز دەستنیشان بکات کە پێویستت بە چاویلکەیە، کەسەکە چاویلکەت بۆ داوا دەکات کە دەزگای کۆچ پارەکەی دەدات.

دەرمان

تۆ ئەتوانیت لە دەرمانخانە جۆرەهای جیاواز لە دەرمان و بەرهەمی تری تەندروستی بکریت. هەر لەوێش دەرمان ئەهێنیت کە دوکتۆرێک بە ڕەچەتە بۆ تۆی نووسیوە. ئەوەت بیر بێت کە کارتی ل م ئا لەگەڵ خۆتا بەریت کاتێک کە دەرمانی بەڕەچەتە ئەهێنیت. تۆ ئەو کاتە خەرجییەکی کەمتر بۆ زۆرینەی دەرمان ئەدەیت کە دوکتۆر گوتویەتی پێویستت پێیەتی.

زانیاریی زیاتر لەبارەی تەندروستی و چاوەدێریی نەخۆشی


  • زانیاریی بە فرەزۆر زمان هەیە لەبارەی نەخۆشییەکان و www.1177.se External link, opens in new window. لە پێگەی وێب کارکردنی چاوەدێریی نەخۆشی لە سوید. . هەر لەوێش ئەتوانیت ژمارە تەلەفۆنی بنکەکانی تەندروستی و دوکتۆری ددان ببینیتەوە کە لەو شوێنە هەن تۆی لێ ئەژیت.
  • تۆ ئەشتوانیت تەلەفۆن بۆ گایدی نەخۆشی/تەلەفۆن گایدن بکەیت بە ژمارە ١١٧٧. ئەوکاتە بۆت هەیە قسە لەگەڵ پەرستیارێک بکەیت کە ئەتوانێت وەڵامی پرسیارەکانت بداتەوە و ئامۆژگارییت لەبارەی چاوەدێریی نەخۆشی بداتێ. پەرستیارەکە ئەشتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستی تۆ بۆ چاوەدێریی بکات و ڕێنوێنیت بکات بۆ سەردانگەیەکی چاوەدێری دروست گەر پێویست بوو.
  • فیلمگەلی زانیاریی کورت هەیە بۆ تۆ کە ئەتەوێت زیاتر  https://www.rfsu.se/upos External link, opens in new window. لە
    لەبارەی جەستە، هەوەسی سێکسی و تەندروستی بزانیت. فیلمەکان بە زۆر زمانی جیاواز هەن. تۆ لێرەدا ئەتوانیت لەوانەدا فیلمگەل لەبارەی کەرەسەی بەرگریی لە دووگیانی، منداڵبوون و دووگیانی ببینیتەوە.
  • زانیاریی لەبارەی تەندروستی، پەیوەنییەکان، سێکسhttp://www.youmo.se/ External link, opens in new window. لە پێگەی وێب و زۆر شتی تر بە فرە زمان هەیە.
  • هێڵی تەلەفۆنیی ئارامی ژن، ئامۆژگاریی و کۆمەک پێشکەش ئەکات بە تۆ کە ژنیت و دووچاریی هەڕەشە و توندوتیژیی سیکسی جەستەیی و دەروونی بوویت.تەلەفۆن کە بۆ ٥٠٥٠٥٠- ٠٢٠ . ئەوان وەرگێر لەماوەی چەند خولەکێکا پایدا ئەکەن. تۆ ئەشتوانیت. ، زانیاریی بە فرەزۆر زمان هەیە.kvinnofridslinjen.se External link, opens in new window.. زیاتر بخوێنیتەوە لە 
  • کارمەندانی یەکەی وەرگرتنی تۆ یاخود کارمەندانی نیشتەجێبوون، ئەتوانن یارمەتیت بدەن بۆ دۆزینەوەی زانیاریی زیاتر و زانینی ئەوەی ڕوو لە کوێ بکەیت بۆ وەرگرتنی چاوەدێرئئ دروست لەو شوێنەی کە تۆی لێ ئەژیت.

سەفەر لە نەخۆشیدا

گەر تۆ بە هۆکاری تەندروستیت نەتوانیت بە دەستی خۆت، خۆت بگەێنیتە چاوەدێری، ئەتوانیت سەفەرلە نەخۆشیدا سفارش کەیت/حیجزکەیت. تۆ ئەشتوانیت ئەو خەرجییانەی هەتبووە بۆ سەفەرکردن بۆ هاتووچۆکردن بۆ بنکەیەکی تەندروستی یاخود نەخۆشخانە وەربگریتەو، گەر هۆکاری دەرمانی هەبێت. ئەو کەسەی چاودێرییەکەت ئەداتێ هەر ئەویشە هەڵسەنگاندن بۆ مافی سەفەرلە نەخۆشیدا ئەکات. تەلەفۆن کە بۆ ١١٧٧ ڤۆردگایدن/ گایدی چاوەدێریی بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر وەرگریت لەبارەی ئەوەی کاری پێ ئەکرێت لە ئەنجوومەنی پارێزگا/هەرێمی ئەو شوێنەی تۆ لێی ئەژیت.

زیاتر بخوێنه‌وه‌ له‌ www.1177.se/sa-fungerar-varden/sjukresor-och-fardtjanst/sjukresor/ (بە سوێدى) External link, opens in new window.

کارتی - ل م ئا کەت لەگەڵ خۆتا بەرە

کاتێک تۆ سەردانی سەردانگەیەکی چاوەدێریی ئەکەیت یاخود دەرمان لە دەرمانخانەیەک ئەهێنیت، پێویستت بەوەیە کە کارتی ل م ئا کەت/ کارتی یاسای وەرگرتنی پەنابەران نیشان بدەیت. گەر تۆ فریا نەکەوتوویت کارتی ل م ئا کەت وەربگریت، ئەوا ئەبێت تۆ پسووڵەی ئەوە نیشان دەیت کە داوای پەنابەریت کردووە. تۆ لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا کەمتر خەرجی نەخۆش ئەدەیت گەر کارتی ل م ئا کەت نیشان بدەیت کاتێک کە سەردانی چاودێریی نەخۆشی ئەکەیت. تۆ پارەیەکی کەمتریش ئەدەیت بۆ زۆرینەی دەرمان کە دوکتۆر بە ڕەچەتە بۆتی نووسیوە، گەر تۆ کارتەکە لە دەرمانخانە نیشان بدەیت.

Last updated: