ئەگەر داخوازیی پەنابەرییەکەت وەڵامی ڕەدت وەرگرتووە

Avslag på ansökan om asyl – sorani

وەڵامێکی ڕەد بە داخوزییەکەت واتای ئەوەیە کە دەزگای کۆچ پێی وا نییە کە هۆکارەکانت تێروتەسەل بن بۆ ئەوەی بتوانیت لە سوید بمێنیتەوە. دەتوانیت یان بە بڕیارەکە قاییل بیت یان شکاتی لێ بکەیت.

ئەگەر تۆ بە بڕیاری ڕەد یان دەرکردنەکەت قاییل بیت دەتوانیت ئەوەی کە پێی دەوترێت "ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی" واژۆ بکەیت. کاتێ کە تۆ ڕاگەیاندنی ڕەزامەندیت واژۆ کرد ناتوانی لە بڕیارەکە شکات بکەیت و دەشێت پلان دابنێیت بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان. ئەگەریش ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی واژۆ نەکەیت، زۆر گرنگە کە لە گەڕانەوەکەتدا بۆ وڵات هاوکاریی دەزگای کۆچ بکەیت.

سەبارەت بە گەڕانەوەی خۆویست زۆرتر بخوێنەوە:

زانیاری بۆ تۆ که منداڵی بەبێ سەرپەرشتیت و وەڵامی ڕەدت وەرگرتووە (بە ئینگلیزیى)

لە بڕیارەکەدا نووسراوە کە کەی دەبێت سوید بەجێ بهێڵیت

لە بڕیارەکەتدا نووسراوە کە تۆ چەندە کاتت ماوە کە سوید بەجێ بهێڵیت، زۆر جار لەو کاتەوە کە بڕیارەکە گەیشتووەتە دۆخی جێبەجێبوونەوە، ماوەی ٢ تا ٤ هەفتەیە. کە بڕیارەکە گەیشتووەتە دۆخی جێبەجێبوون واتە بەبایەخبوونەکەی دەستی پێ کردووە و ئیتر ناکرێت سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت. زۆر جار سێ هەفتە پاش ئەوەی دەزگای کۆچ بڕیارەکە ڕابگەیەنێت، یان کاتێک کە تۆ ڕاگەیاندنەکەت واژۆ کردووە ئەم جێبەجێبوونە دەست پێ دەکات. تۆ دەبێت خۆت ئاگات لێ بێت بزانیت کەی بڕیارەکە دەگاتە دۆخی جێبەجێبوون و لە ماوەی ئەو کاتەی کە لە بڕیارەکەدا نووسراوە ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵیت.

بڕیارێکی دەرکردن یان ڕەتکردنەوە ئاسایی بۆ چوار ساڵ برەوی هەیە.

دەرکردن کە ئەبێت دەستبەجێ پیادەکرێت

ئەگەر ئاشکرابێت کە تۆ بناخەی پەنابەریی، یاخود هۆکارێکی تر بۆ مۆڵەتی مانەوەت لە سوید نییە، ئەکرێت تۆ بڕیاری دەرکردن وەرگریت کە ئەبێت دەستبەجێ پیادەکرێت. تۆ ئەکرێت بڕیارێکی لەم بابەتە وەرگریت ئەگەر دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران لە ماوەی سێ مانگا بڕیار لەمەڕ داواکەی تۆ بدات. ئەگەر تۆ بڕیاری دەرکردن وەرگریت کە ئەبێت دەستبەجێ پیادەکرێت، ئەوا ناچار ئەبیت سوید بەجێبهێڵیت هەرچەندە شکایەتت لەسەر بڕیارەکە کردبێت.

گەر ئەتەوێت شکایەت بکەیت

ئەکرێت شکایەت لە بڕیارێکی دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران بکرێت. ئەگەر تۆ شکایەتکردنەکەت هەڵبژاردەکرد، ئەوا دادگایەک هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە ئەکات. لە بڕیارەکەتدا نووسراوە کە ماوەی چەندت بۆ شکاتکردنەکە بە دەستەوەیە، بەزۆریی سێ هەفتە لەو ڕۆژەوە کە بڕیارەکەت پێرادەگەیەندرێت. هەرچەندە تۆ شکایەتیش بکەیت، ئەبێت تۆ پلان بۆ گەڕانەوەت دانێت.

ئەگەر تۆ شکایەت لە بڕیارێک لەبارەی دەرکردنەکە یان ڕەتکردنەوەکە بکەیت، ئەوا بەزۆریی بۆت هەیە لە سوید بمێنیتەوە لەکاتی چاوەڕوانکردن تا دادگا هەڵسەنگاندن بۆ شکایەتەکەت ئەکات. ئەگەر تۆ شکایەت لەبارەی دەرکردنێک بکەیت کە ئەبێت دەستبەجێ پیادەبکرێتئەوا بەزۆریی بۆت نییە لە سوید بمێنیتەوە لەماوەی چاوەڕوانکردن بۆ هەڵسەنگاندنی دادگا بۆ شکایەتەکەت. بەڵام لەوانەیە دادگا ىڕیار بدات کە دەرکردنەکەت ڕاگیرێت لە ماوەی چاوەڕوانکردن بۆ هەڵسەنگاندنی شکایەتەکەت، تۆ ئەو کاتە بۆت هەیە لەو ماوەیەدا لە سوید بمێنیتەوە. تۆ ئەبێت ڕاستەوخۆ سوید بەجێبهێڵیت، ئەگەر دادگا بڕیاری دا کە دەرکردنەکەی تۆ ڕانەگرێت.

سەبارەت بە چۆنێتیی شکاتکردن زۆرتر بخوێنەوە:

پلان دابنێ بۆ گەڕانەوەت بۆ نیشتمان

کاتێ کە تۆ بڕیارێکی ڕەد یان دەرکردنت وەرگرتووە بانگ دەکرێیت بۆ وتووێژێک لەگەڵ کاربەدەستێک لە دەزگای کۆچ بۆ پلاندانان بۆ گەڕانەوەت. ئەو کاتە سەبارەت بەو بژاردەیانەی لە دۆخەکەتدا هەن زانیاریت پێ دەدرێت و تۆش دەتوانیت پرسیار بکەیت.

ئەگەر پلانت داڕشتووە کە خۆت سوید بەجێ بهێڵیت پێش لەوەی بانگ بکرێیت بۆ وتووێژ سەبارەت بە گەڕانەوەکەت، دەتوانیت بۆ زانیاریی زۆرتر سەردانی نزیکترین یەکەی وەرگرتن لە دەزگای کۆچ بکەیت. لەوێدا بۆ نموونە دەتوانیت بەڵگەی چوونەدەرەوە لە وڵات وەربگریت کە دەبێت لە کاتی بەجێهێشتنی وڵاتدا ڕادەستی کۆنترۆڵی پەساپۆرتی سویدی بکەیت.

سەبارەت بە گەڕانەوەی خۆویست زۆرتر بخوێنەوە:

ناوەندیی گەڕانەوە

پاشی ئەوەی کە بڕیاری ڕەتکردنەوە و وەدەرنان لە وڵات دەستیکرد بەکارکردن (چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە). تۆ جێگایەکت لە نێوەندیی گەڕاوەکان پێشکەش ئەکرێت. تۆ لە نێوەندیی گەڕاوەکان ئەژیت تاوەکو سوید بەجێئەهێڵیت یاخود تا ئەو کاتەی کە تۆ چیتر مافی یارمەتیی ئابووریی و شوێنی نیشتەجێبوونت نامێنێت. لەهەمان کاتیشدا بەواتای ئەوە دێت کە دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران ئیتر چیتر شوێنی نیشتەجێبوونت پێشکەش ناکات. ئامۆژگاریی و پاڵپشتی وەرئەگریت بۆ ئامادەباشی بۆ گەڕانەوەکەت.

تۆ ئەتوانیت هەڵبژێریت کە لە نێوەندیی گەڕاوەکان یاخود لە ماڵی خۆتدا بژیت تا ئەو کاتەی سوێد بەجێئەهێڵیت.

زیاتر لەبارەی سەنتەری گەڕانەوە بۆ وڵات بخوێنەوە

پالپشتی لە کاتی گەڕانەوەدا

بەستە بەوەی کە تۆ خەڵکی کام وڵاتیت ئەگەری وەرگرتنی پاڵپشتیی نەختی یان جۆری تری پاڵپشتی هەیە کە دەتوانێت جێگیربوونەوەکەت لە نیشتماندا ئاسانتر بکات. مەرجێک بۆ ئەوەی بتوانیت پاڵپشتیی نەختی وەربگریت ئەوەیە کە خۆویست بگەڕێیتەوە.

سەبارەت بەوەی کە چ کەسانێک دەتوانن لە کاتی گەڕانەوەدا پاڵپشتی وەربگرن زۆرتر بخوێنەوە

ئەگەر بڕیارەکە ڕەچاو نەکەیت

کاتێک بڕیارەکە گەیشتبێتە دۆخی جێبەجێبوونەوە و ئیتر نەکرێت سکاڵای لەسەر بکرێت دەبێت سوید بەجێ بهێڵیت. کاتێ کە مۆڵەتی کاتەکەت چووبێتە دەرەوە ئیتر مافی خانوو و پاڵپشتیی ئابووریت لەلایەن دەزگای کۆچەوە نییە. ئەمە تۆ دەگرێتەوە کە گەورەساڵیت و سەرپەرشتی منداڵی ژێر ١٨ ساڵ نیت.

ئەو کەسەی کە هێشتاکە لەلایەن دەزگای کۆچەوە مافی پاڵپشتیی ئابووریی هەیە (بۆ نموونە خێزانە منداڵدارەکان) دەتوانێت قەربووی کەمتر وەربگرێت ئەگەر لە بەجێهێشتنی وڵاتدا هاوکاری نەکات.

ئەگەر تۆ بۆ گەڕانەوەت هاوکاری نەکەیت، دەزگای کۆچ دەتوانێت بڕیاری چاوێری یان گرتووخانەی دەزگای کۆچت بۆ دەربکات. چاودێری واتە بەبەردەوامی بێیت و خۆت پیشانی دەزگای کۆچ یان پۆلیس بدەیت. ئەگەر بڕیاری گرتووخانەی دەزگای کۆچت پێ بدرێت دەبێت لە خانوویەکی داخراودا بژیت و چاوەڕوانی بەجێهێشتنی وڵات بیت. 

سەبارەت بە چاودێری و گرتووخانەی دەزگای کۆچ زۆرتر بخوێنەوە:

ڕێپێنەدانی گەڕانەوە

ئەگەر تۆ لەو ماوەیەدا کە لە بڕیارەکەدا دیاری کراوە سوید بەجێ نەهێڵیت دەتوانرێت ڕێپێنەدانی گەڕانەوەت پێ بدرێت واتە بۆت نییە بگەڕێیتەوە بۆ هیچکام لە وڵاتەکانی شەنگن یان ڕۆمانی، بەلجیکا و کرواسی. ڕێپێنەدانی گەڕانەوە هەتاکوو یەک ساڵ بەبایەخە.

ئەگەر تۆ بڕیاری دەرکردنێکی دەستبەجێت پێ دراوە، ئەوە هەمیشە ڕێپێنەدانێکی گەڕانەوەت پێ دەدرێت لەباری ئاساییدا بۆ ماوەی دوو ساڵ، تەنانەت ئەگەریش ڕاستەوخۆ سوید بەجێ بهێڵیت.

ڕێپێنەدانی گەڕانەوە لەبەر هۆی تر

ئەگەر دەزگای کۆچ بڕوا نەکات کە تۆ خۆویست سوید بەجێ دەهێڵیت دەتوانرێت ڕێپێنەدانی گەڕانەوەت پێ بدرێت بۆ ناوچەی شەنگن کە هەتا پێنج ساڵ بەبایەخە. ئەمە بۆ نموونە دەتوانێت ڕوو بدات ئەگەر تۆ

  • پێشووتر خۆت شاردبێتەوە
  • بینرابێت کە ناتەوێت سوید بەجێ بهێڵیت
  • کە ناسنامەیەکی ساختەت بەکارهێنابێت یاخود بەشدارییت نەکردبێت لە سەلماندنی ئەوەی کە تۆ کێێت
  • بەمەبەست زانیاریی وات دابێتە دەستەوە کە ڕێک ناکەون یان زانیاریی گرنگت نەگێڕابێتەوە
  • لەبەر تاوان حوکمی وا دراوی کە دەتوانێت بەندیخانەت بەرکەوێت.

ئەگەر تۆ لەبەر یەکێک لەو هۆیانە ڕێپێنەدانی گەڕانەوەت پێ درابێت، ئەو ماوەیەی کە پێت دراوە خۆویست بگەڕێیتەوە لە کیست دەچێت و دەبێت وڵات دەستبەجێ بەجێ بهێڵێت.

ئەگەر تۆ ماوەی گەڕانەوەی خۆویستەکەت لەدەست بدەیت ئەمە ئەو واتایەش دەگەیەنێت ئەگەر منداڵی ژێر ١٨ ساڵت نەبێت، لەلایەن دەزگای کۆچەوە مافی خانووبەرە و پاڵپشتیی ئابووریش لەکیس دەدەیت.

پۆلیس دەتوانێت بەرپرسیارێتیی گەڕانەوەت بگرێتە ئەستۆ

ئەگەر نەکرێت ڕەدکردن یان دەرکردنەکە لەبەر هاوکارینەکردنی تۆ جێبەبێ بکرێت ئەوا دەزگای کۆچ دەتوانێت بەپرسیارێتیی بەجێهێشتنی وڵات لەلایەن تۆوە بخاتە ئەستۆی پۆلیسەوە. ئەگەر خۆت بشاریتەوە پۆلیس مافی ئەوەی هەیە کە داوات بکات و بەدواتا بگەڕێت. پۆلیس هەروەها مافی ئەوەشی هەیە کە بۆ ئەوەی تۆ وڵات بەجێ بهێڵیت کەڵک لە زۆرەملێ وەربگرێت.

ئەگەر کەیسەکەت ڕادەستی پۆلیس بکرێت ئیتر مافی هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی نەختیت نامێنێت. پاڵپشتیی تر بۆ جێگیربوونەوە لە نیشتماندا لە مەودایەکی تەسکتردا ڕوو دەدات.

ئەگەر پۆلیس بەرپرسێتیی ئەوەی وەرگرتبێت کە تۆ ڕەد یان دەربکات، ئەگەر سەبارەت بە گەڕانەوەت بۆ وڵات پرسیارێکت هەبوو دەبێت پێوەندی بەوانەوە بکەیت.

ڕووداوی نوێ پاش وەڵامی ڕەد

ئەگەر شتێک ڕوو بدات کە تۆ نەتوانیت بگەڕێیتەوە دەبێت ئەوە بۆ یەکەی وەرگرتن بگێڕیتەوە. ئەو کاتە دەزگای کۆچ دێت و تاقی دەکاتەوە بزانێت بەربەستێک لە جێبەجێکردنی دەرکردنەکەدا هەیە یان نا، دەبێت زانیارییەکی نوێ بێت کە هاتبێتە پێشەوە پاش ئەوەی کە بڕیارەکەت وەرگرتووە.

سەبارەت بە ڕووداوی نوێ پاش وەڵامی ڕەد زانیاریی زۆرتر بخوێنەوە

ئەم وڵاتانەی خوارەوە لە ناو ڕێکەوتننامەی شنگندان

نەمسا، بەلجیکا، کۆماری چێک، دانیمارک، ئەستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، ئایسلەند، ئیتالیا، لاتڤیا، لیختنشتاین، لیتوانیا، لوگزامبۆرگ، ماڵتا، هۆلەندا، نەرویج، پۆلەندا، پورتوگال، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا، سوید و سویسرا.

Last updated: