گەڕانەوەی خۆویست

Återvända självmant – sorani

گەڕانەوەی خۆویست واته تۆ بۆ گەڕانەوە هاوکاری دەکەیت. کاتێ کە تۆ وەڵامی ڕەدت بە داخوازیی پەنابەرییەکەت وەرگرتووە دەشێت پلان دابنێیت بۆ بەجێهێشتنی سوید.

کاتێ کە تۆ بڕیاری ڕەد یان دەرکردنت وەرگرتبێت بۆ وتووێژێک لەگەڵ کاربەدەستێک لە دەزگای کۆچدا بانگ دەکرێیت. ئەو کاتە سەبارەت بەو بژاردانەی لە دۆخەکەی تۆدا هەن زانیاریت پێ دەدرێت و پاشان تۆش دەتوانیت پرسیار بکەیت.

ئەگەر تۆ خۆت نەتوانیت سەفەرەکەت بخەیتە ڕێ تۆ و کاربەدەستەکە پێکەوە پلانێک دادەنێن لەبارەی چۆنێتیی جێبەجێبوونی سەفەرەکە. تۆ هەروەها دەتوانێت مافی پاڵپشتیی نەختی یان پاڵپشتیی ترت هەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانیت لە وڵاتدا خۆت جێگیر بکەیتەوە.

سەبارەت بەوەی کە چ کەسێک لە کاتی گەڕانەوەدا دەتوانێت پاڵپشتی وەربگرێت لێرە زۆرتر بخوێنەوە:

ئامادەکردنی پەساپۆرت یان بەڵگەنامەی کاتیی سەفەر (پەساپۆرتی کاتی)

بەرپرسێتیی ئامادەکردنی پەساپۆرت یان بەڵگەنامەیەکی کاتیی سەفەر و شتی تر کە پێویستن بۆ ئەوەی بتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتەکەت یان بۆ وڵاتێکی تر کە لەوێدا مافی ژیانت هەیە بە ئەستۆی تۆیە.

ئەگەر سەبارەت بە بەڵگەنامەی سەفەر پێویستت بە هاوکاری هەبێت ئەوە دەزگای کۆچ دەتوانێت بۆ داواکردنی بەڵگەنامەیەکی کاتیی سەفەر بۆت پێوەندی بکات بە دامودەزگاکانی وڵاتەکەتەوە. ئەو کاتە دەزگای کۆچ دەبێت زانیارییەکەسییەکانت ڕادەستی دامودەزگای وڵاتەکەت بکات، بەڵام ئێمە ناگێڕینەوە کە تۆ لە سویددا داوای پەنابەریت کردووە.

ئەگەر نەکرێت بەڵگەنامەیەکی کاتیی سەفەر ڕێک بخرێت دەتوانیت وەک دۆخی ئاوارتە لەلایەن دەزگای کۆچەوە پەساپۆرتێکی کاتیی بیانییان وەربگریت. ئینجا ئەو پەساپۆرتە کاتییەی بیانییانە تەنیا بۆ ئەوە بەبایەخە کە تۆ بتوانیت سەفەر بکەیتەوە بۆ وڵاتەکەت.

بلیت بۆ سەفەرەکە

سەفەر دەبێت بۆ ئەو وڵاتە بگریت کە لە بڕیاری ڕەدکردن یان دەرکردنەکەتدا هەیە.

لە پلەی یەکەمدا ئەوە خۆتی کە دەبێت پارەی گەڕانەوەت بۆ وڵاتەکەت بدەیت. ئەگەر تۆ هیچ پارەیەکی خۆت یاخود داهاتی ترت نەبێت، ئەوا دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران ئەتوانێت بلیتت بۆ بگرێت و پارەکەشی بدات. ئ ئەگەر تۆ خۆت پارەی سەفەرەکە دەدەیت، بیر لەوە بکەرەوە کە تۆ دەبێت هەمیشە بەڵگەنامەی بایەخداری سەفەرت هەبێت کاتێ کە سەفەرەکەت دەگریت.

ئەگەر تۆ سەفەرێک بکڕیت کە ترانزیتی وڵاتێکی هەبێت کە تۆ تیایدا مۆڵەتی مانەوەت نەبێت، مەترسیی ئەوەی هەیە تاوانانە (غەرامە/جەریمە)ت لێ بستێنن یان دامودەزگاکانی وڵاتەکە داوات لێ بکەن کە بگەڕێیتەوە بۆ سوید. هەر لەبەر ئەوە سەفەرێک بگرە بەبێ ئەوەی ترانزیتی لە وڵاتێکی تری شەنگنەوە هەبێت. دەزگای کۆچ بۆ ئەو سەفەرانەی کە خۆت گرتووتن، هیچ بەرپرسێتییەک ناگرێتە ئەستۆ. ئەگەر تۆ سەفەرێک هەڵدەبژێریت کە ترانزیتی لە وڵاتێکی تری شەنگندا هەبێت دەبێت خۆت لەڕێی بەدەستهێنانی ڤیزا بۆ وڵاتەکە، وا بکەیت کە مافی مانەوەت لەوێدا هەبێت.

خانوو، کارتی بانکی و کارتی ئێل‌ئێم‌ئا

پێش لەوەی سوید بەجێ بهێڵیت دەبێت کارتی ئێل‌ئێم‌ئاکەت ڕادەستی دەزگای کۆچ بکەیتەوە. ئەگەر کارتێکی بانکیت لەلایەن دەزگای کۆچەوە وەرگرتبێت دەبێت پارەکان لە هەژمارەکە دەربهێنیت و کارتەکە بدەیتەوە دواوە. ئەگەر لە یەکێ لە خانووەکانی دەزگای کۆچ ژیاوی دەبێت خانووەکە بەجێ بهێڵیت و کلیلەکان بدەیتەوە دواوە.

ناوەندیی گەڕانەوە

پاشی ئەوەی کە بڕیاری ڕەتکردنەوە و وەدەرنان لە وڵات دەستیکرد بەکارکردن (چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە). تۆ جێگایەکت لە نێوەندیی گەڕاوەکان پێشکەش ئەکرێت. تۆ لە نێوەندیی گەڕاوەکان ئەژیت تاوەکو سوید بەجێئەهێڵیت یاخود تا ئەو کاتەی کە تۆ چیتر مافی یارمەتیی ئابووریی و شوێنی نیشتەجێبوونت نامێنێت. لەهەمان کاتیشدا بەواتای ئەوە دێت کە دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران ئیتر چیتر شوێنی نیشتەجێبوونت پێشکەش ناکات. ئامۆژگاریی و پاڵپشتی وەرئەگریت بۆ ئامادەباشی بۆ گەڕانەوەکەت.

تۆ ئەتوانیت هەڵبژێریت کە لە نێوەندیی گەڕاوەکان یاخود لە ماڵی خۆتدا بژیت تا ئەو کاتەی سوێد بەجێئەهێڵیت.

چاودێریی نەخۆشی و قوتابخانە

هەتاکوو ئەو ڕۆژەی وڵات بەجێ دهێڵیت هەر وەکوو پێشوو مافی چاودێریی نەخۆشیت هەیە، بەڵام پاش ئەوەی بڕیارەکەت گەیشتە دۆخی جێبەجێبوون و مافت بۆ پاڵپشتیی ئابووری هەڵوەشایەوە، هیچ قەرەبوویەکی ئابووریت بۆ دەرمان و چاودێری پێ نادرێت.

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە هەتاکوو لە سوید ماونەتەوە بچنە قوتابخانە.

سەبارەت بە منداڵان لە ڕەوتی پەنابەریدا زۆرتر بخوێنەوە:

چوونەدەرەوە لە وڵات

هەمیشە بەرپرسێتیی ئەوەی کە بە دەزگای کۆچ پیشان بدەیت کە سویدتبەجێ هێشتووە بە ئەستۆی خۆتە. ئەگەر دەزگای کۆچ ئاگادار نەبێتەوە کە تۆ سویدت بەجێ هێشتووە دەتوانین بڕیاری ڕێپێنەدانی گەڕانەوەت بۆ دەربکەین. ئەمە واتای ئەوەیە کە تۆ ناتوانیت سەفەر بکەیت بۆ ناو ناوچەی شەنگن. هەروەها کەیسەکەشت ڕادەستی پۆلیسی سەرسنوور دەکرێت.

بۆ ئەوەی دەزگای کۆچ ئاگادار ببێتەوە کە تۆ سویدت بەجێ هێشتووە دەبێت لە کاتی چوونەدەرەوەدا بەڵگەیەکی چوونەدەرەوە لە وڵات ڕادەستی کۆنترۆڵی پەساپۆرت بکەیت. بەڵگەی چوونەدەرەوەکە لەڕێی نامەوە بۆت دەنێردرێت یان دەتوانی لە نزیکترین یەکەی وەرگرتن داوا بکەیت بەڵگەیەکت پێ بدرێت. هەروەها دەتوانیت لەڕێی ناردنی کۆپییەکی پەساپۆرتەکەت بە لاپەڕەی یەکەمیەوە کە تیایدا زانیارییە کەسییەکانت دیاری کراون و ئەو لاپەڕەیەی مۆری چوونەدەرەوە لە وڵات (ژمارەی نیشان)ی پێوەیە بە دەزگای کۆچ پیشان بدەیت کە ئەم وڵاتەت بەجێ هێشتووە. تەنیا بلیتی فڕۆکە یان کارتی فڕین
(boardingcard) ناتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی چوونەدەرەوە لە وڵاتی پێ پشتڕاست بکرێتەوە.

تێبینیی ئەوە بکە کە بۆت نییە سەفەرێک بکڕیت کە ترانزیتی وڵاتێکی تری شەنگنی هەبێ و، بەڵگەی چوونەدەرەوە لە وڵات بەس دەتوانرێت ڕادەستی فڕۆکەخانەکانی سوید بکرێت. ئەگەر بۆ نموونە لە کاستروپ (Kastrup) دەفڕیت دەبێت چوونەدەرەوەت لەڕێی ناردنی کۆپییەکانی پەساپۆرت بە مۆری چوونەدەرەوە پشتڕاست بکەیتەوە.

زانیاریی پێوەندیی بە دەزگای کۆچ بدۆزەرەوە: (بە ئینگلیزیى)

ڕۆیشتن بۆ وڵاتێکی تر جگە لە وڵاتەکەی خۆت

وڵاتێکی تر لەناو یەکێتیی ئەورووپاوە

دەزگای کۆچ دەتوانێت بڕیار دەر بکات کە تۆ بچیت بۆ وڵاتێکی تری یەکێتیی ئەورووپا و داوای پەنابەرییەکەت لەوێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بۆ نموونە دەتوانێت لەبەر ئەوە بێت کە تۆ پێش لەوەی بێیت بۆ سوید لە وڵاتێکی تری یەکێتیی ئەورووپادا بووبیت، یان تۆ ڤیزات بۆ وڵاتێکی تری ئەورووپی هەیە یان داوای پەنابەریت لەوێ کردووە. ئەم ڕێسایانە لە یاسای دوبلیندا هەن.

ئەگەر لە باتیی ئەوە دەتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتەکەت دەتوانێت بلوێت بە مەرجێ کە گەڕانەوەکەت ماوەی زۆرتر نەخایەنێت یان گرانتر نەبێت.

سەبارەت بە یاسای دوبلین زۆرتر بخوێنەوە: (بە ئینگلیزیى)

وڵاتێکی تر جگە لەو وڵاتەی لە بڕیارەکەدا دیاری کراوە

دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتێکی تر جگە لەو وڵاتەی لە بڕیارەکەدا دیاری کراوە ئەگەر بتوانیت پیشان بدەیت کە لەوێ وەردەگیرێیت. ئەو کاتە دەبێت پەساپۆرتێکی بەبایەخت هەبێت و مۆڵەتێک کە لەو وڵاتە مەبەستەدا بژیت. بۆ وێنە ئەگەر تۆ ڤیزایەکی تووریستیت هەبێت یان ئەو شوێنە ڤیزای پێویست نەبێت، بەس نییە. هەروەها نابێت گەڕانەوەت بۆ ئەوێ ماوەی زۆرتر بخایەنێت یان زۆر گرانتر ببێت.

Last updated: