شوێنی نیشته‌جێبوون

Boende – sorani

ئه‌گه‌ر هیچ شوێنێکت نه‌بوو تێیدا بژی له‌کاتی چاوه‌روانکردن بۆ بریاری کۆتایی که‌یسی په‌نابه‌ریت، ئاژانسی په‌نابه‌ران ده‌توانێ یارمه‌تیت بدات. هه‌روه‌ها خۆشت ده‌توانی شوێنێک بۆ نیشته‌جێبوون بدۆزیته‌وه‌، بۆ نمونه‌ ده‌توانی له‌گه‌ڵ خزم یاخود هاورێکانتدا بمێنیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بۆخۆت شوێنکت دابینکرد، پێویسته‌ له‌ناونیشانه‌که‌ت ئاگادارمان بکه‌یته‌وه‌، تاوه‌کو ئاژانسی په‌نابه‌ران بتوانێ په‌یوه‌ندیت پیوه‌ بکات.

له‌گه‌ڵ ئاژانسی په‌نابه‌رانی سویدیدا بمێنه‌وه‌

له‌و کاته‌ی که‌ چاوه‌روانی بریاره‌که‌ ده‌که‌یت، ئاژانسی په‌نابه‌ران شوێنی نیشته‌جێبوونت به‌شێوه‌یه‌کی کاتی بۆ دابین ده‌کات. ئه‌گه‌ر هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی دارایت نه‌بوو، ئاژانسی په‌نابه‌ران کرێی شوێنی نیشته‌جێبوونت ده‌دات.

له‌و جێگایه‌ ده‌مێنیته‌وه‌ که‌ شوێنی به‌تاڵ به‌رده‌سته‌

ئه‌گه‌ر پێویستت به‌ ئاژانسی په‌نابه‌ران بوو تاوه‌کو یارمه‌تیت بدات  بۆ دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبوون، تۆ بریار له‌ هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێبوون ناده‌یت، هه‌روه‌ها ده‌بێت بۆ ئه‌و جێگایه‌ بگوازیته‌وه‌ که‌ شوێنی به‌تاڵیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ده‌کرێت له‌ کاتێکدا که‌ چاوه‌روانی دوابریاری، شوێنی نیشته‌جێبوونت بگوازیته‌وه‌ بۆ جێگایه‌کی نوێ تاوه‌کو ژووره‌که‌ت بدرێت به‌ داواکارێکی تر.

ده‌کرێ ژووره‌که‌ت به‌ش بکه‌یت

شوێنی نیشته‌جێبوونی ئاژانسی په‌نابه‌ران ته‌نها بۆ ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ داوای مافی په‌نابه‌ری ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر شوێنێکی نیشته‌جێبوونت پێشکه‌شکرا، یارمه‌تییه‌که‌ ته‌نها بۆ تۆیه‌. شوێنه‌کانی نیشته‌جێبوون زیاتر له‌ شوقه‌ پێکهاتووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا به‌شیده‌که‌ن. خێزان هه‌میشه‌ ژووری خۆیان پێده‌درێت. که‌سی سه‌ڵتیش ده‌بێت له‌گه‌ڵ که‌سێکی تری هاوره‌گه‌زی ، ژووه‌ره‌که‌ به‌ش بکات.

ئه‌گه‌ر له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک پێویستت به‌ ژورێکی تایبه‌ت بوو، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری پێشوازیه‌که‌تدا قسه‌ بکه‌ت. ئاژانسی په‌نابه‌رانی سوید پابه‌نده‌ به‌ دابینکردنی سه‌لامه‌تی و که‌شێکی ئارام بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونه‌کانمان ده‌ژین. هه‌روه‌ها گرنگه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونه‌کانمان ده‌ژین رێزی یه‌کتری بگرن و ئاگاداری یه‌کتری بن به‌بێ گوێدانه‌ جیاوازی ئاینی و کلتوری و ره‌گه‌زی.

ئه‌گه‌ر تۆ که‌سێکی هاوره‌گه‌زبازی یاخود ره‌گه‌زی خۆت گۆریوه‌ و خاوه‌نی پێداویستی تایبه‌تی، به‌ زووترین کات له‌باره‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونته‌وه‌، کێشه‌که‌ت بۆ سه‌نته‌ری پێشوازیکردنه‌که‌ت باس بکه‌.

کاتێک مافی شوێنی نیشته‌جێبوون به‌سه‌رده‌چێ

پێویسته‌ شوێنی نیشته‌جێبوونه‌که‌ت به‌جێبهێڵیت ئه‌گه‌ر هاتوو داواکاریه‌که‌ت ره‌تکرایه‌وه‌ یاخود گه‌رێندرایته‌وه‌ (دیپۆرت کرایته‌وه‌)، هه‌روه‌ها دوای جێبه‌جێکردنی بریاره‌که‌ یاخود ئه‌گه‌ر به‌رواری کۆتایی بۆ گه‌رانه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ت ته‌واو بوو. ئه‌م بریاره‌ وه‌کو که‌سێکی پێگه‌یشتوو ده‌تگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌کو چاودێرێک له‌گه‌ڵ مندالێکی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ نه‌ژیت. 

شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆت

ئه‌گه‌ر ناته‌وێ له‌و شوێنه‌ بژیت که‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی په‌نابه‌ران دابین ده‌کرێت، ده‌توانی بۆخۆت شوێنی نیشته‌جێبوونت بدۆزیته‌وه‌. زۆر که‌س له‌کاتی چاوه‌روانیکردن بۆ بریاری داواکاری مافی په‌نابه‌ریان، له‌گه‌ڵ هاورێ یاخود خزمه‌کانیان ده‌ه‌مێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ویستت خۆت شوێنی نیشته‌جێبوونت دابین بکه‌یت، ده‌بێت خۆت کرێی شوێنه‌که‌ بده‌یت.

ئه‌گه‌ر له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک نه‌توانی له‌و شوێنه‌دا بمێنیته‌وه‌ که‌ خۆت دابینتکردبووه، ده‌توانی شوێنه‌که‌ت بگوزیته‌وه‌ بۆ یه‌کێک له‌و جێگایانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی په‌نابه‌رانه‌وه‌ دابینکراوه‌، به‌ڵام له‌و جێگایه‌ی که‌ شوێنی به‌تاڵ هه‌یه‌. په‌یوه‌ندی به‌و سه‌نته‌ری پێشوازیه‌وه‌ بکه‌ که‌ ناوت لێی تۆمار کردووه‌ تاوه‌کو زانیاری زیاتر ‌ده‌ستبخه‌یت.

ئه‌گه‌ر له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی ئاژانسی په‌نابه‌ران ژیاییت، یاخود بۆخۆت شوێنی نیشته‌جێبوونت دابینکرد، پێویسته‌ به‌رده‌ست بیت تاوه‌کو ئاژانسی په‌نابه‌ران بتوانێ په‌یوه‌ندیت پێوه‌ بکات. له‌بیرت نه‌چێت، سه‌نته‌ری پێشوازیه‌که‌ت له‌ ناونیشانه‌ نوێیه‌که‌ت ئاگادار بکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ویستت شوێنه‌که‌ت بگوازیته‌وه‌ له‌ماوه‌ی چاوه‌روانی بریاری داواکاری په‌نابه‌ریت.

ئه‌گه‌ر توانیت بمێنیته‌وه‌

ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ئاژانسی په‌نابه‌رانه‌وه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونت بۆ دابینکرا، ده‌توانی له‌رێگای ئاژانسی په‌نابه‌رانه‌وه‌ یارمه‌تی وه‌ربگریت بۆ ئه‌وه‌ی شوێنێکی نوێ بدۆزیته‌وه‌ له‌کاتی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌. تا ئه‌وکاته‌ی که‌ ئاژانسی په‌نابه‌ران شوێنێکی نوێی نیشته‌جێبوونت بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، ده‌توانی له‌ شوێنی ئاژانسی په‌نابه‌ران بمێنیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆت ده‌ژی، یاخود مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ت به‌مه‌به‌ستی کارکردن وه‌رگرت، ده‌بێت له‌لایه‌ن خۆته‌وه‌ شوێنی نوێی مانه‌وه‌ بۆخۆت دابین بکه‌یت.

زیاتر بخوێنه‌وه‌ و بزانه‌ چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییت وه‌رگرت

زیاتر بخوێنه‌وه‌و بزانه‌ چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی کاتیت وه‌رگرت

Last updated: 24 August 2017

Was the information on this page helpful to you?