وەستانی جێبەجێکردن بڕیار

Verkställighetsstopp – sorani

 دامودەزگای کۆچ دەتوانێت بڕیارێک دەربکات بۆ وەستانی دیپۆرتکردن و گەڕاندنەوە بە شێوەی کاتی بۆ وڵاتێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە پێی دەوترێت وەستانی جێبەجێکردنی بڕیار.

دامودەزگای کۆچ دەتوانێت بڕیار لەسەر وەستانی جێبەجێکردنی فەرمانێک دەربکات کاتێک بارودۆخی ئەمنی لە وڵاتێکدا بە خێرایی دەگۆڕدرێت و کاتێک زانیاری تەواو لەبارەی بارودۆخی وڵاتەکەوە بەردەست نەبێ. ئەمە بەو مانایەیە کە دامودەزگای کۆچ بڕیاری دیپۆرتکردن یان گەڕاندنەوە جێبەجێ ناکات هەتا فەرمانی راگرتنەکە برەوی هەبێت. ئەگەر تۆ بڕیاری دیپۆرتکردن یان گەڕانەوەت هەیە، لەوانەیە لە سوید بمێنیتەوە هەتاکو وەستانی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بەردەوام بێت.

وەستانی جێبەجێکردن تەنیا بۆ ماوەی دیاریکراو دەسەپێندرێت و بۆ ئەو ماوەیە کە دامودەزگای دەوڵەتی لە هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری تازە و سەرباس لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی وڵاتەکە. ماوەی وەستانی جێبەجێکردن جیاوازە و دامودەزگای کۆچ لە هەمان کاتدا ناتوانێت زانیاری بدات لەسەر ئەوەی کە ماوەکەی تا چەند دەخایەنێت.

وەستاندنی جێبەجێکردن هەموو هاوڵاتیان، یان گرووپێکی تایبەتمەند، لەو وڵاتەی لە ئارادایە لەخۆدەگرێت، کە بڕیاری ناردنەوە یان دەرکردنی هەیە. ئەمە کاری پێ ئەکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کەسەکە داوای پەنابەریی، مۆڵەتی مانەوە یان جۆرێکی تر لە مۆڵەتی کردبێت.

تۆ هەمیشە دەتوانیت بە دڵخوازی خۆت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتەکەت. وەستانی جێبەجێ کردن ئەو شتە ناگۆڕێت. پەیوەندی بکە بە نزیکترین یەکە پێشوازیی بۆ زانیاری زیاتر.

بڕیاری کەیسەت پێداچوونەوەی بۆ ناکرێت

وەستانی جێبەجێکردن خۆی مانای ئەوە نییە کە کەیسەکەت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەلایەن دامودەزگای کۆچ پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ. ئەگەر فەرمانی دیپۆرتکردن یان گەڕانەوەت وەرگرتبێت، هێشتا ئەوە برەوی هەیە، بەڵام وەستانەکە مانای ئەوەیە کە لە ئێستادا بە هۆی نادیاری دۆخی وڵاتەکە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

 پێویست ناکات داخوازینامە پێشکەش بکەیت بۆ ئەوی تۆ بگرێتەوە

ئەگەر تۆ لە وڵاتێکەوە هاتوویت، یان سەربە گرووپێکی تایبەتمەندیت لەو وڵاتەدا، کە دەزگای دەوڵەتی کۆچ و کۆچبەران بڕیاری وەستاندنی جێبەجێکردنی دابێت، ئەوا تۆ پێویست ناکات کە خۆت داوابکەیت کە دەرکردن یان ناردەوەکەت وچان بگرێت. وەستاندنی جێبەجێکردن ئۆتۆماتیکی ئەکەوێتە کار.

 دەتوانیت داخوازی پێشەش بکەیت بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوەی کەیسەکەت بۆ هەلومەرجی پاراستنییەکانتەوە

ئەگەر بارودۆخەکەت گۆڕابێت و هۆکاری تاکەکەسی نوێت هەبێت کە ڕێگر بێت لە گەڕانەوەت بۆ وڵاتەکەت، دەتوانیت داواکاریەک پێشکەش بکەیت بۆ پێداچوونەوی دووبارەی کەیسەکەت (کە پێی دەوترێت ڕێگریەکانی جێبەجێکردنی تاکەکەسی). تەنانەت ئەگەر کەیسەکەت لەلایەن پۆلیسەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، ئەمە هێشتا برەوی هەیە. داخوازی کردن بۆ دووبارە پێداچوونەوە لەوانەیە کاریگەری لەسەر مافی وەرگرتنی یارمەتیدانی داراییت، بە پێی LMA، هەبێت.

زیاتر سەبارەت بە چۆنییەتی داواکردنی دووبارە پێداچوون بۆ هۆکاری پاراستنت لێرە بخوێنەوە

 پشتیوانیی دارایی و مافی خانووبەرە

ئەگەر بڕیاری گەڕانەوە یان دیپۆرتکردنەکەت کەوتوێتە بواری کارپێکردن

ئەگەر تۆ بڕیاری دیپۆرت کردنت وەرگرتووە کە کەوتوێتە بواری کارپێکردن، پێویستە هەندێ مەرجی دیاریکراو پەیڕەوبکرێ بۆ ئەوەی جارێکی تر مافی پشتگیریی داراییت هەبێت. سەرەتا، تۆ یا دەبێت داواکاری پێشکەش بکەیت بۆ ئەوەی بڕیاری فەرمی بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتکردنەوەکە یان گەڕانەوەکە وەربگریت (کە پێویستە کەیسەکە کۆسپ لەڕێگەی دابنرێ)، یان داواکاری بۆ دووبارە پێداچوونە بە هەلومەرجی پاراستنیتەوە پێشکەش بکەی.

ئەگەر بڕیارێکی تاکەکەسیت لەسەر ڕێگریکردن یان دووبارە پێداچوونەوە وەرگرت، دەتوانیت رابگەێنیت کە پێویستت بە یارمەتیە بەپێی LMA (خانوو و پارە). تکایە سەرنج بدە کە تۆ مافی یارمەتیت نییە تا کاتێک کە داخوازینامەی دووبارە پێداچوونەوەکەت تاوتوێ دەکرێت.

ئەگەر لە سوید گەشتت بۆ دەرەوە کردبێت یان لەم دواییانەدا مۆڵەتی نیشتەجێبوونت وەرگرتووە، بڕیاری ڕاگرتن بە شێوەیەکی کاتی بەس نییە، ئەوجا تۆ بەپێی LMA مافی وەرگرتنی یارمەتیی دارایت نییە.

ئەگەر دڵنیا نیت لەوەی کە چی لەسەر تۆ پەیڕەو دەکرێ، تکایە پەیوەندی بکە بە نزیکترین یەکەی پێشوازی بۆ زانیاری زیاتر.

 ئەگەر بڕیاری گەڕانەوت یان دیپۆرتکردنەوەکەت هیشتا نەکەتوێتە بواری کارپێکردن

ئەگەر بڕیارێکت هەیە لەلایەن دامودەزگای کۆچ یان دادگاوە کە دەڵێت پێویستە دیپۆرت بکرێیتەوە یان بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەکەت و وادەی گەڕانەوەی دڵخوازانە خەریکە بەسەردەچێت، ئەوا دەشێت مافی بەردەوامبوونی یارمەتیی دارایی و نیشتەجێبوونت هەبێ. لەو حاڵەتەدا، تۆ بڕیارێکت بۆ دەردەچێت کە هێشتا مافی وەرگرتنی پارە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونت لەلایەن یەکەی پێشوازیی هەیە. تۆ پێویست ناکات خۆت داخوازی بۆ بکەیت.

مافی کارکردن (AT-UND) لە کاتی وەستانی جێبەجێکردنی فەرماندا

پەناخوازان دەشێ مافی کارکردنیان هەبێت لەو ماوەیەی کە کەسەکە لە دۆسیەی پەنابەرێتیەکەیدا چاوەڕێی بڕیارێک دەکات. ئەمە پێی دەوترێت هەڵاوێردن لە پابەندی هەبوونی مۆڵەتی کار (AT-UND).

ئەگەر پرۆسەی پەنابەرێتی بەردەوامت هەبێت، یان پێداچوونەوەی دووبارەی مافی پاراستنت وەرگرتبێت، و لەبەر ئەوە چاوەڕێی بڕیار لەسەر کەیسەکەیت دەکەیت، لەوانەیە مافی AT-UND -ت هەبێت.

تەنانەت ئەگەر پرۆسەی پەنابەرێتی بەردەوامت نەبێت، بەڵام فەرمانی دیپۆرتکردن یان گەڕانەوەت وەرگرتبێت، لەوانەیە مافی AT-UND-ت هەبێت؛ ئەگەر هێشتا لە سیستەمی پێشوازیی دامودەزگای کۆچدا ناوت تۆمار کرابێت.

هەبوونی وەستانی جێبەجێکردنی فەرمان لە خۆیدا مانای ئەوە نییە کە تۆ مافی AT-UND-ت هەیە، بەڵام تۆ هەمیشە پێویستە پاساو بۆ مەرجە گشتییەکان هەبێت بۆ ئەوەی مۆڵەتی کارکردن (AT-UND) بەدەست بهێنیت.

زیاتر دەربارەی ئەوەی کە پێویستە بۆ بەدەست هێنانی AT-UND بخوێنەوە (بە ئینگلیزیى)

ئەگەر تۆ ناوت لە سیستەمی پێشوازیی دامودەزگای کۆچ دەرکرابێت و فەرمانی دیپۆرتکردن یان گەڕانەوەت هەبێ، ئەوا تۆ مافی AT-UND-ت نییە، تەنانەت ئەگەر تۆ لە ژێر وەستانی جێبەجێکردنی فەرمانەکەشدا بیت.

ئەگەر دڵنیا نیت لەوەی کە چی لەسەر تۆ پەیڕەو دەکرێ، تکایە پەیوەندی بکە بە نزیکترین یەکەی پێشوازی بۆ زانیاری زیاتر.

Last updated: