کۆمەک و دەستگیرۆیی

Stödinsatser – sorani

ئەگەر دەتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت، ئەوا دەرفەتت هەیە بۆ داواکردنی کۆمەک بۆ ئەوەی جارێکی تر بێیتەوە ناو کۆمەڵگاکە. ئەم دەستگیرۆییە لەلایەن ڕێکخراوێکەوە لە وڵاتی خۆت ڕێکدەخرێت و لە چوارچێوەی بەرنامەی هاوکاریی ئەوروپی EU Reintegration Programme (EURP) ئەنجام دەدرێت.

کۆمەکی بۆ فەلەستین راگیراوە

بەهۆی بارودۆخی ئەمنی وڵاتەکەوە، ڕێکخراوی هاوبەشیی ئێستای "کاریتاس" ڕایگەیاندووە کە ئەوان ناتوانن ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکەن.

کۆمەکی فراوانکراو بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

لە مانگی شەشی 2023، هەر کەسێک کە بە ویستی خۆی دەگەڕێتەوە عێراق دەتوانێت داوای کۆمەک بکات بە بەهای پێنج هەزار یۆرۆ بۆ هەر کەسێک. کۆمەکی فراوانکراو بۆ ماوەیەکی سنووردارە، تا 31ی مانگی یەکی 2024. هەلی داواکردنی کۆمەکی فراوانکراو ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە پێشتر هەڵوێستی نەرێنییان هەبووە بەرامبەر بە گەڕانەوە، بەڵام ئێستا بە ویستی خۆیان گەڕانەوە هەڵدەبژێرن.

ئەو کۆمەک و دەستگیرۆییە کە دەتوانیت وەریبگریت بە پلەی یەکەم ئەو خزمەتگوزارییانەن کە دەبێت ببنە هۆی کارکردن و خۆبژێوی، و لەگەڵ پێداویستییەکانت بگونجێن.

ئەگەر بتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ یەکێک لەم وڵاتانە دەتوانیت کۆمەک وەربگریت:

ئەرمێنیا، بەنگلادیش، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، ئێلسەلڤادۆر، میسر، ئەتیوپیا، گامبیا، عێراق، ئوردن، مەنگۆلیا، مەغریب، نایجیریا، پاکستان، فەلەستین، سۆماڵ و سۆماڵیلاند.

ئەو کەسانەی کە بە زۆرەملێ دەگەڕێندرێنەوە (واتە لەلایەن پۆلیسەوە) بۆ مەغولستان، لە ئێستادا ناتوانن ئەم کۆمەکە وەربگرن.

جۆری کۆمەک و دەستگیرۆیی

ئەو کۆمەکەی کە پێشکەش دەکرێت بە تۆ کە دەگەڕیتەوە پێویستە لەگەڵ پێداویستییەکانت بگونجێت و لەوانەیە ئەمانەی خوارەوە بگرێتەوە

  • پێشوازیکردن لە کاتی گەیشتن بە فڕۆکەخانە لە وڵاتی خۆت
  • نیشتەجێبوونی کاتی
  • دەرماڵە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت
  • یارمەتیدان لە چوونە ناو بازاڕی کار
  • پەروەردە (لەوانەش ڕاهێنانی پیشەیی)
  • ڕاوێژکاریی کار
  • پاڵپشتی لە کاتی پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتداران
  • راوێژکاریی یاسایی
  • چاودێریی ته‌ندروستی.

مەرجەکانی وەرگرتنی کۆمەک

دەتوانیت، چ وەک گەورەساڵ و چ وەک منداڵێک، کۆمەک و دەستگیرۆیی وەربگریت ئەگەر

  • داواکاریی مافی پەنابەرییت ڕەتکرابێتەوە یان ئەگەر داواکاریی مافی پەنابەرییت لە سوید کشاندبێتەوە
  • ئەگەری ئەوە هەیە کە لەو وڵاتە وەربگیردرێێت کە بەنیازی گەڕانەوەیت بۆی و بەنیازیت لەوێ خۆت نیشتەجێ بکەیتەوە
  • کاتێک داواکارییەکەت پێشکەش دەکەیت لە سوید بیت.

ئەگەر سزای دیپۆرتکردنەوەت بەسەردا سەپێنراوە، ئەوا تۆ مافی کۆمەکت نییە.

داواکردن و بڕیاردان

کاتێک داواکارییەکەت بۆ مافی پەنابەریی ڕەتکرایەوە یان کاتێک داواکارییەکەت بۆ مافی پەنابەرییت کێشایەوە دەتوانیت داوای کۆمەک بکەیت. ئەگەر کەیسەکەت لەلایەن دەزگای کۆچەوە تاوتوێ بکرێت، ئەوا تۆ داواکاری پێشکەش بە بەرپرسی پێشوازییەکەت دەکەیت و دواتر دەزگای کۆچ بڕیار دەدات کە ئایا دەتوانیت کۆمەک وەربگریت یان نا. ئەگەر کەیسەکەت لەلایەن پۆلیسەوە تاوتوێ بکرێت، ئەوا تۆ داواکاری پێشکەش بە پۆلیس دەکەیت، دواتر پۆلیس بڕیار دەدات. بڕیارەکە ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت (شکاتی لێ بکرێت).

قەبارەی کۆمەکەکە

ئەگەر بڕیار بدەیت کە بە ویستی خۆت بگەڕێیتەوە، دەتوانیت کۆمەک بە بڕی 2 500 یۆرۆ وەربگریت. ئەگەر بەرپرسیارێتی ڕەتکردنەوە یان دیپۆرتکردنەوەی تۆ رادەستی پۆلیس کرابێت، لە هەندێک وڵاتدا دەتوانیت کۆمەک بە بڕی 000 2 یۆرۆ وەربگریت. بۆ ئەوانەی کە مناڵی بێسەرپەرشتن، ئەگەر پۆلیس بەرپرسیارێتی ڕەتکردنەوە یان دیپۆرتکردنەوەی تۆی لە ئەستۆ گرتبێت، ئەوا ئەو بڕە پارەی سەرەوە کەم ناکرێتەوە.

هەروەها دەتوانیت دەرماڵەی گەیشتن وەربگریت کە لەگەڵ پێداویستییەکانی تۆدا دەگونجێندرێت، و لە سێ ڕۆژی یەکەمی دوای گەڕانەوەت بۆ وڵاتەکەت بەکار بهێنرێت. کۆمەکەکە 615 یۆرۆیە بۆ هەر کەسێک و تۆ خۆت هەڵدەبژێریت کە چۆن کۆمەکەکە بەکار بهێنیت.

زانیاریی زیاتر لەسەر کۆمەکەکە

ئەگەر پێش ئەوەی داوای کۆمەک بکەیت، و پێویستت بە زانیاریی زیاتر بێت، دەتوانیت پێش ئەوەی سوید بەجێبهێڵیت، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە یان لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە ڕێکخراوی باسکراوە بکەیت. دەتوانی لە ڕێگەی پەیوەندییکردن بە نزیکترین یەکەی پێشوازگەکەتەوە، یارمەتی لەسەر پەیوەندییکردن لەگەڵ رێکخراوەکان وەربگریت.

Last updated: